به‌خیر بین بۆمالپه‌ری سه‌هۆڵه‌که‌Tuesday, 2024-04-23, 10:03 PM

Welcome Guest | RSS
Main | Registration | Login
Site menu

Our poll
.........
[ ده‌نگه‌کان · ده‌نگه‌کان ]
ده‌نگه‌کان: 122

Main » 2008 » November » 29 » بەسەرهاتی ژنێك لە زیندانەوە بۆ پەرلەمانی توركیا
بەسەرهاتی ژنێك لە زیندانەوە بۆ پەرلەمانی توركیا
8:39 PM

چاوگی كێشەكانی توركیا لەناوخۆی وڵاتدایە
ئەوكاتەی سەباحەت تونجەل وتەبێژی فەرمی ئەنجومەنی ژنانی DTP بوو، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی توركەوە دەستگیركرا. خانمی تونجەل هێشتا لەگرتووخانەی گەبزە-ی ئیستانبوڵ بوو، ناوی لەلیستی پاڵێوراوە سەربەخۆكانی پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی دەستنیشانكرا. تونجەل لەو هەڵبژاردنە لەهەرێمی 3 ی ئیستانبوڵ سەركەوتنێكی ئێجگار گەورەی بەدەستهێنا و توانی بەتەنها 90 هەزار دەنگ بەدەستبهێنێت،
كە ئەمە بەگەورەترین ڕیژەی دەنگەكان دادەنرێت لەتوركیا. بەو سەركەوتنەشی بووە یەكەم پەرلەمانتاری كورد كە لەشاری ئیستانبوڵ هەڵبژێردرێت و بچێتە پەرلەمانی توركیا.
تونجەل، دوای ئەوەی لەفیستیڤاڵی باتمان بەئەندامانی پەكەكەت گوتبوو «ئەوان تیرۆریست نین، برامانن، هیچ كاتێك بەبراكانمان ناڵێین تیرۆریست» دۆزگەری گشتی دادگای باڵای توركیا دۆسێی لێپرسینەوەی لەبەرامبەر ئێوە دەست پێكرد.
ئێستا توركیا ئەوی وەكو ئەندام پەرلەمانێك ناسیوە. لەپێشبڕكێی هەڵبژاردنی كاندیدە سەربەخۆكان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، هۆیەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە قۆناخی پروپاگەندەی هەڵبژاردن لەزیندان دابوو. لەبەرئەوەی لەزیندان بوو، دەرفەتی بۆ نەڕەخسا خۆی بەجەماوەر بناسێنێ.
بەسەركەوتنی سەباحەت تونجەل بێ خاوەنی لەچارەنووسی نادیاری ژنان كۆتایی هات و گۆڕانی بەسەرداهات. ژنان شەو و ڕۆژ كاریان كرد بۆئەوەی سەباحەت تونجەل سەربكەوێت و بچێتە پەرلەمان.
لەبەردەرگای زیندان بە پێكەنین و زەردەخەنەوە هەزاران كەس پێشوازیان لێكرد، سەباحەت تونجەل بە رووێكی گەش و دڵەكی گەرم، رووی لەئامادەبووان كرد.
* ئەو كاتەی دستگیر كرایت و بەرەو زیندان رەوانە كرایت، هیچ كاتێك هەستت دەكرد رۆژێك لە رۆژان ببیتە ئەندام پەرلەمان، بیرت لە شتێكی وا دەكردەوە؟
- بێگومان نەخێر. لەبەرئەوەی دەستگیركردنی من و زیندانیكردنم رووداوێكی سەیر بوو، لە میانەی كۆبوونەوەیەكدا زۆر بەپەلە دەستگیركرام. لە رەوشێكی وەهادا هیچ كاتێك بیرم لەئەندام پەرلەمانێتی نەدەكردەوە. ئەمە شەڕەفێكی زۆر گەورەیە بۆ من.. من خۆشەویستییەكی بێ سنووری خەڵكم قازانج كردووە، لەبەرئەمەش خۆم بە قەرزداری ئەو خەڵكە دەزانم، لەبەر ئەوەی بەرپرسیارێتییەكی گەورەیان خستە ئەستۆی من. هیوادارم بتوانم ئومێدەكانیان بهێنمەدی.
* دەستنیشانكردنی تۆ وەكو كاندیدێك پێشنیاری خۆت بوو یاخود لەلایەن رێكخستنی DTPبوو؟
- من خۆم وەكو كاندیدێك پێشنیار نەكردووە بەڵكو لەلایەن رێكخستنی ژنانەوە پێشنیار كراوم ئەو كاتەی ناوی كاندیدەكان یەكلایی كرایەوە هەموو كەسێك دەیانگوت تۆ سەردەكەویت، منیش زۆر پشت ئەستوور بووم، لەبەر ئەمەش زۆر بە هێمنی كارم دەكرد، هەرچەندە قۆناغێكی دژوار بوو لەبەر ئەوەی من لەلایەك چاوەڕێم دەكرد دادگا بڕیاری كۆتایی دەربكات، لەلایەكی تر چاوەڕێی ئەندام پەرلەمانێتی بووم، بەڵام دواتر من زانیم دادوەر بەبێ ئەوەی بڕیارێەكی تایبەت بە من بخوێنێتەوە ئیمزای كردووە لەبەر ئەمەش من ناڕازیم دەربڕی و بڕیارەكەی دادگا پوچەڵ كرایەوە، جگە لەمەش من لە قۆناغی گەرمی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لە نێو جەماوەر نەبووم، دەرفەتی ئەوەم بۆ نەڕەخسا لە نزیكەوە خۆمیان پێ بناسێنم.
* وەكو كاندیدێك پێناسەی تۆ بەكورتی كراوە، خەڵكانێكی زۆر تۆ دەناسن بەڵام من پێمخۆشە لە زاری جەنابت بزانم سەباحەت تونجەل ژیانی چۆن بووە؟
- سەباحەت كچی خێزانێكی لادێیە. ژیانی لەنێوان شاروگوند بەسەربردووە. لەساڵی1975لە شاری مەلاتیا لەدایكبوومە. من جگە لەوەی لە ئیش وكاری رۆژانەی نێوماڵ و گوند بەشداریم دەكرد و لەلایەكی دیكە دەمخوێند. من دڵم زۆر بەكاركردنی گوند دەكرایەوە لەبەر ئەمەش دەتوانم بڵێم كاركردنم لە گوند تێكەڵاویەكی بەهێزی لە نێوان من بەتایبەتی و خێزانەكەم بەگشتی لەگەڵ زەوی پەیداكردووە، ئەمەش هەندێك تایبەتمەندی هیومانیستی
-مرۆڤ دۆستی- لە منداڵیەوە لە كەسایەتی و تایبەتمەندییە بەرچاوەكانی من بوونە. لەساڵی1990لەگەڵ جوڵانەوەی كوردایەتی ئاشنایەتیم پەیداكرد. دوای ئەوەی چوومە زانكۆ ئاشنایەتیەكەم فراوانتر بوو، تەنیا ئاواتم ئەوەبوو ببم بە شۆڕشگێر. نادادپەروەری نێو كۆمەڵگا هەموو هاندەرم بوو بۆ ئەوەی بە گوڕێكی زیاتر كار بكەم، هەروەها وەكو دەزانن زانكۆ گۆڕەپانێكی فراوانترە و مرۆڤ دەتوانێت كاری زیاتر بكات.
ژیانی سیاسی من لە ساڵانی خوێندنی زانكۆ دەستی پێكرد، لە زانكۆی مێرسین توێژی دیموكراتخوازەكان زۆر بەهێزبوون، هەروەها هەستی نەتەوایەتی لەو كاتدا بەهێز بوو. بەتایبەتی ئەو ژنانەی لە نێو تێكۆشانی رزگاری بەشداریان كردبوو كاریگەرییەكی زۆریان لەسەر كۆمەڵگا و لەسەر ژنان و ئافرەتان هەبوو، ئەمانەش كاریگەرییان لەسەر نەخشاندنی دوارۆژی ژیانی من هەبوو دوای ئەوە چوومە ئیستانبوڵ راستەوخۆ لەنێو ریزەكانی پارتیHADEP خۆم دۆزیەوە بەتایبەت لەنێو رێكخستنی بەڕێوەبەرایەتی ژنان دەستم بەكاركرد، بەڕای من كاركردن بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی راستەقینەی ژنان پێویستە لە خانەی كارە گرنگەكان دابێت. من ماوەیەك لە نێوHADEP ئەركی بەڕێوەبەرایەتی ناوچەیەكم وەرگرت. بەگشتی من لەنێو خەباتدا بەردەوام لە ژنان زۆر نزیك بوومە.
* ئایا ئەم هۆكارێكی تایبەتی هەیە؟ بەردەوام لە ژنان نزیك بیت؟
- بێگومان كۆمەڵێك هۆكاری هەیە. من زۆر شتم دەربارەی رەوشتی ژنانی كورد خوێندەوە هەروەها ئەو رەوشەی ئەمڕۆ ژنی كورد تێیدا دەژی زۆر كاری تێكردم، من لەلایەن خۆمەوە دەستم بە رۆشنبیركردنی خۆم و ژنان كرد. كاركردن لە پێناو مافەكانی ژنان دەرگای ژیانێكی نوێی بەڕووی مندا كردەوە، من هەستم كرد لە بەرامبەر هەندێك دابونەریتی كۆمەڵگای كوردی خەمساردییەك هەیە. ژیانی سیاسی من و بیركردنەوەكانم سەرجەمیان پەیوەندیان بە هەڵسووكەوتەكان و رەوشی ژنانەوە هەیە، لەبەر ئەوەی پەیوەندیەكی زۆر سەرنجڕاكێش لە نێوان رەوشی گەلی كورد و رەوشی ژناندا هەیە.
* هۆكاری دەستگیركردنی تۆ وەكو زانراوە كەسێك ئیعترافی لەسەر تۆ كردەوە، تۆش بە ئەندامی PKK لەقەڵەم درایت، ئەمە تا چ رادەیەك راستە و چۆن روویدا؟
- بەراستی سەیر بوو، لە ئەنجامی ئیعترافكردنی كەسێكی سەرلێشێواو بووە. من بۆ لێكۆڵینەوەی رەوشی ژنان سەردانی عێراقم كرد، ئەمەش كارێكی شاراوە نەبووە. من بەنهێنی ئەو كارەم ئەنجام نەداوە، هەورەها من تەنیا كەسێك نیم لە توركیا سەردانی عێراقم كردبێت، من وەكو كەسێكی سیاسی و ژنێكی دیار جموجۆڵەكانم تاقیب دەكرێت و لێكدانەوەی چەوتی بۆ دەكرێت.
ئەگەر ئەندامێكی پابەرزی AKP یاخود هەر كەسێكی دیكە سەردانی عێراق یاخود شوێنێكی دیكە بكات بە مەبەستی لێكۆڵینەوە زۆر بە ئاسایی پێشوازی لێدەكرێت، بەڵام تەنیا بۆ ئەندامێكی DTPئەم گەشتە كە بە ئامانجی لێكۆڵینەوە بوو بەكارێكی نائاسایی پێشوازی لێدەكرێت.
لەبەرئەوەی من وەكو ژنێكی كورد بەردەوام چارەسەركردنی رەوشی ژنانم بە چارەسەركردنی كێشەی كورد بە شێوازێكی دیموكراتیانە بەستۆتەوە، پارتیەكەی من تێدا كار دەكەم زۆر بەجدی كار بۆ هۆشیاكردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگا دەكات، هیچ كاتێك سڵ لە باسكردنی راستیەكان ناكاتەوە، ئەگەر لەم وڵاتە كێشەی كورد بەشێوازی دیموكراتیانە چارەسەر نەبێت، ئاشتی بەرەقەرار نابێت.
من بۆ ماوەی (6)ساڵ دەبێت لە ئیستانبوڵ لە ژێر ئەم دروشمانە كار دەكەم، ئاسایشی ئیستانبوڵ لەم بارەیەوە زۆر باش من دەناسێت. جگە لەمانە، تاوانی ئەندامێتیPKK هیچ بنەمایەكی یاساسیی نییە و تەنیا ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەك بوو، لەگەڵ كەسێكی شكستخواردوو. ئەو كەسە تەنیا جارێك لە كۆبوونەوەیەك منی دیوە و، گوێی لەمن گرتووە! لەبەرئەوەی سیاسەتمەدارێكی كوردم، كۆسپم بۆ كەسانی لەمجۆرە خوڵقاندووە، بیروڕای منیان بەدڵ نەبووە.
* ئەوكاتەی تۆ ئازاد كرایت لەبەردەم دەرگای زیندان هەزاران ژن دروشمیان بۆ تۆ دەگوتەوە، هاوكات بە هەزارەها پۆلیس پاسەوانی تۆیان دەكرد و لەبەردەم دەرگای زیندان بە هەزاران كەس رێگای پەرلەمانیان نیشانی تۆ دەدا، ئەو كات سەباحەت تونجەل هەستی بەچی دەكرد؟
- خۆشەویستی هەڤاڵانی زیندان و ئەو رێز و پێشوازییەی خەڵك لەبەردەم دەرگای زیندان بۆ من شەرەفێكی زۆر گەورەیە، ناتوانم بە رستەیەك هەستی ئەو كاتە پێناسە بكەم. هەندێك لەم هەستانەی من لە ژیانمدا رەنگ دەدەنەوە، بەڵام تەنیا بەیەك دێر هەستم كرد ئەو خەڵكە هیوایان هەیە. لەبەرامبەر ئەم هیوایە گەورەیە و ئەو پێشوازیە گەورەیە پێویستە كارێكی شایستەیان بۆ بكەم.
ئەو رەنج و ماندووبوونەی من چەشتوومە لەگەڵ داخوازی و هیواكانی ئەو خەڵكانە كە منیان هەڵبژاردووە، پێویستە لە پەرلەمانیش گفتوگۆی لەسەر بكەین، بێگومان قسەكردن بەناوی گەل نوێنەرایەتی كردنی گەل لەپەرلەمان بەرپرسیارێتیەكی زۆر گەورەیە و منیش لە ئاستی تێگەیشتنی ئەو ئەركە دام و بەگوێرەی ئەم لێپرسراوێتییە جموجۆڵ دەكەم.
* گەل بەڵێنی بە سەباحەت تونجەل دا، بەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ كرد، ئایا تۆ چاوەڕێی ئەو پاڵپشتییەت دەكرد؟
- من رووداوەكانی وڵاتم لە رێگای رۆژنامەی(گوندەم) تاقیب دەكرد، دوای داخستنی رۆژنامەی (گوندەم) تەنیا لە رێگای پارێزەرەكانم هەواڵەكانی دەرەوەم بەدەست دەگەیشت، من هەموو كات هەستم بە جۆسش و خرۆشی گەل دەكرد. هەروەها هەندێك لە دیمەنەكانی هەڵبژاردنم لە تەلەفزیۆنێكی ناوخۆی دیاربەكر بینی. من كاتێك دەمبینی هاوڕێیانی دیكەم لەنێو گەل كاری پڕۆپاگەندەیان دەكرد، ئەوكات هەستم بە ئازارێك دەكرد، لەبەر ئەمەش ئێمە لە زیندان كۆمیتەیەكمان پێكهێنا بە مەبەستی دەستپێكردنی هەڵمەتێكی پرۆپاگەندە.
وەكو دەزانن لە زیندان دەرفەت زۆر كەمە. من ژمارەیەك نامەم نووسی بەڵام ئیدارەی زیندان ئاستەنگیان لەبەردەم نامەكانی دەرخست رێگایان نەدا نامەكانم بگاتە دەرەوە، لەبەرئەوە ئێستاش بەهەڵبژاردنی من بڕوا ناكەن. سەرەڕای ئەم ئاستەنگیانە، من لەگەڵ 50 ژنی دیكە هەڵمەتی پرۆپاگەندەمان لە زیندان دەستپێكرد.
لە دەرەوەش ژنان هاوكارییەكی زۆریان كردین، لێرەدا پێمخۆشە بڵێم بناغەی ئەم سەركەوتنە بۆ كاری بێ پایانی ژنان دەگەڕێتەوە. جگە لە شەونخونی گەنج و جەماوەر، بەگشتی خەڵك رەنجێكی زۆریان بەخشی ئەمانە هەموو شایستەی ئەم سەركەوتنە پیرۆزەن، ئەم سەركەوتنە سەركەوتنی ئەوانە، ئەركی من ئەوەیە ئەو سەركەوتنە تەشویق و ئاهەنگدارتر بكەم.
* خەڵك بەڵێنەكانی خۆی جێبەجێكرد، تۆ لەبەرامبەر داخوازییەكانی خەڵك چ بەرنامەیەكت لەبەردەستدایە؟
- ئەوكاتەی گەل بڕیاریدا من بچمە پەرلەمان ئەركێكی گران كەوتە سەرشانی من منیش ئەم كارانە دەكەم یاخود ئەم كارانە پێویستە بكرێن، لەو وڵاتە پرسێكی قورس و برینێكی قوڵ هەیە ناوی كێشەی كوردە.
من و هەڤاڵەكانم لەسەر رێگای چارەسەریەكی ئاشتیخوازانە بۆ پرسی كورد خەبات دەكەین.. ئۆرهان دۆغان پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات گووتی من بەڵێنی چارەسەری ئاشتیانەم بە گەلی كورد دابوو بەڵام نەمتوانی بەڵێنەكە جێبەجێ بكەم، لەبەر ئەمەش تێڕوانینی ڕەخنەگرانەی خۆم پێشكەشی ئێوە دەكەم. منیش ئەو كارەی ئەوان لەم شوێنەی بەجێیانهێشت، درێژە پێدەدەم.
هەروەها من خەباتی ژنانم زۆر لاپیرۆزە، لەم بڕوایەدام پێویستە لەمڕۆ بەدواوە بیر لەوە بكرێتەوە ژنیش مافی خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری هەبێت.
هەرچەندە من تێدەگەم هەموو شتێك بەشەو و رۆژێك پێناگات. لەبەرئەوەی ئێستا لەنێو هاوسەنگیەكان، ژن پێگەی نییە ئەمەش سەرەتا پێویستی بە یەكگرتنی هەزارن ژن هەیە، بۆ ئەوەی گفتوگۆی چڕ دەربارەی ئەو پرسە بكەن و ئازارەكانی شەقام بگوازنەوە نێو پەرلەمان، بەكورتی كێشەی توركیا كامڵنەبوون و گەشەنەكردنی دیموكراسییە.
دیموكراسی لەكۆمەڵگای توركیا جارێكی دیكە پێویستی بە دابەشكردنێك هەیە، سەرەتا پێویستی بە دەرخستنی لێبووردنێكی گشتی بۆ سیاسیەكان هەیە، كێشەی كورد بە رێبازی دیموكراسیانە و ئاشتیخوازانە چارەسەر بكرێت، هەروەها پرسی ژنان پێویستی بە بایەخدانێكی لە پلەیەك هەیە. لە پەرلەمان ئەو گرفتانە گفتوگۆ دەكەین، مێزگردیان بۆ سازدەكەین.
* نوێنەرەكانی DEP لەساڵی 1991 رەوانەی زیندان كران، ئێستا كوردێك لەزیندانەوە بەرەو پەرلەمان دەچێت.. تۆ ئەمە چۆن شرۆڤە دەكەیت؟
- ئێمە بەمشێوەیە لێكدانەوەكانی توركیا پوچەڵ دەكەینەوە، سەركەوتنی گروپێك پەرلەمانتاری كورد بۆ پەرلەمانی توركیا شانسێكی گەورەیە بۆ توركیا. بەڕای من لەپەرلەمان ئۆپۆزسیۆن زۆر پێویستە سەركەوتنی ژنە كوردێك لە زیندان بۆ پەرلەمان مانای وایە ئەو خەڵكە چاوەڕێی هەزاران هیوایە.
* تۆ لەم بڕوایە دایت خەڵكانێك هەبن سەركەوتنی تۆیان لاخۆش نەبێت؟
- خەڵكانێكی زۆر حەزیان بەسەركەوتنی من كردووە، هەروەها ئەو كەسانەی كە گفتوگۆ قبوڵ ناكەن و لەسەر سیاسەتی كۆن پێداگیری دەكەن، دڵیان بەسەركەوتنی من خۆش نەبووە، ئەمەش شتێكی ئاساییە كە ناڕەزایی لێبكەوێتەوە، ئێمە رێز لەبیرو بۆچوونە جیاوازەكان دەگرین. ئێمە لەماوەیەكی كورتدا بەكردار و رەفتاری خۆمان پێیان دەڵێن ئێوە تا چ رادەیەك هەڵەن.
منیان بەئەندامی PKK تاوانبار كرد، دواتر من نە تەنیا لە دیاربەكر و باتمان و شرناخ و وان و ماردین هەڵبژێردراوم، بەڵكو لەسەرانسەری توركیا خەڵك دەنگیان بەمن داوە، ئەمەش داخوازییەكانی توركیا بەرجەستە دەكات.
خەڵك داوای چارەسەریی سیاسی دەكات، ئەو كەسە PKK بێت یاخود نا ئەمە زۆر گرنگ نییە. لەمانە گرنگتر پێویستە ئەم داخوازیانە شیكردنەوەی راستیان بۆ بكرێت. بەڕای من پێویستە رێز لە متمانەی گەل بگرێت، بۆ ئێمە قۆناغەكە لەئەمڕۆوە دەستی پێكردووە، قۆناغەكەش چاوەڕێی رەنجێكی زۆر لەئێمە و هەڤاڵانم دەكات، ئێمە لەم قۆناغە بەتەنیا نین،گەل لەپشت ئێمەیە، لەمڕۆ بەدواوە خەڵك ئەدائی نوێنەرەكانی تاقیب دەكات. منیش لەنێوانیاندا. بۆیە پێویستە لەئاستی جێبەجێكردنی هیواكانی گەل بین و بزانین لەپەرلەمان چی دەكەین.
ئەگەر بەشێوەیەكی شایستە پێناسەی تێڕوانینی خەڵكی خۆمان نەكەین، هەبوونمان لەپەرلەمان هیچ مانایەكی نامێنێت. لەروانگەی هاووڵاتی ئازادەوە هەموو كەسێك مافی چاودێریكردنی بەسەر ئەندامانی پەرلەمانەوە هەیە.
* ماوەیەك لەمەوبەر لەڕێی ئاژانسی ئەنادۆڵیای توركی داوای پۆلیسی پاراستنت كردبوو، ئایا ئێوە وەك پەرلەمانتارانی كورد هیچ جۆرە هەڕەشەیەكتان لەسەرە؟
- ڕاستە، من ماوەیەك لەوەوبەر داوام لەئاسایشی ئەنقەرە كردبوو پۆلیسی بەرگریم بۆ دابین بكەن. بەڵام تائێستا كەس هەڕەشەی لەمن نەكردووە، بەڵام هەموو پەرلەمانتارێك مافی ئەوەی هەیە كە داوای پۆلیسی پاراستن بكات، منیش داوامكرد، بەڵام تائێستا كەس وەڵامی نەداومەتەوە.
* دوای ئەو سەركەوتنە بەرچاوەی پارتی داد و گەشەپێدان هەموو لایەك لەتوركیا چاوەڕێی ئەوەیان دەكرد سیاسەتی دەرەوەی توركیا گۆڕانكاری گەورە بەخۆوە ببینێت بەتایبەتی لەمەسەلەی مامەڵە و پەیوەندیكردن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها چارەسەركردنی پرسی كورد لەتوركیا و هەوڵی قوڵتركردنەوەی ڕیفۆرمەكان بۆ نزیكبوونەوەی توركیا لەیەكێتی ئەوروپا، ئێوە چۆن لەسیاسەتی دەرەوەی توركیا دەڕوانن؟
- دوای ئەوەی پارتی داد و گەشەپێدان لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەم دواییە سەركەوتنی بەدەستهێنا، دەیەوێ ئەم سەركەوتنەی وەكو كارتێك بەكاربێنێت، ئەمەش لەسیاسەتی دەرەوەی توركیا ڕەنگیداوەتەوە، لەبەرئەمەش سیاسەتی دەرەوەی توركیا خنكاوە. توركیا دەخوازێت كێشە ناوخۆییەكانی لەگەڵ ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا چارەسەربكات، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو ڕاستییەی كە كێشەی توركیا لەناوەخۆی وڵاتەكەدایە لەگەڵ هاووڵاتیانی ئەم وڵاتەدایە. هەر بۆیە نە ئەمریكا و نە یەكێتی ئەوروپا ناتوانن یارمەتی توركیا بدەن ئەگەر توركیا لەناوخۆیدا كێشەكان چارەسەر نەكات، لەبەرئەوەی سەرچاوەی كێشەكانی توركیا لەناوخۆی وڵاتدایە.
بەڵام توركیا بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی دەیەوێ سنووری نێودەوڵەتی ببەزێنێت. هەروەك دەخوازێ ڕای گشتی وڵات لەم چوارچێوەیەدا بەكاربهێنێت، بەگشتی تاڕادەیەك توانی كەشوهەوایەكی لەمجۆرە بۆ مەسەلەی مۆڵەتی سەربازی لەدەرەوەی سنوور بڕەخسێنێت. لەبەرئەوە توركیا نەیتوانی بەباشی هەڵوێستی بەڕێزان بارزانی و تاڵەبانی هەڵبسەنگێنێت. لەبەرئەوەی تاڵەبانی و بارزانی داوایان لەتوركیا كرد لەڕێگای دیپلۆماتیك و لەسەر مێزی دیالۆگ كێشەكان چارەسەر بكات، بەڵام توركیا ئامادە نەبوو هەڵوێستی سەركردە كوردەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە بنەما وەربگرێت لەپێناو خاوكردنەوەی گرژییەكاندا.
* بۆچوونی ئێوە سەبارەت بەو هەڕەشانەی توركیا چییە، بەتایبەتی لەمەسەلەی هەڕەشەی سنووربەزاندن و نیگەرانییەكانی لەبەرامبەر ئەزموونی هەرێمی كوردستان؟
- نە توركیا، ئەمڕۆ توركیای سەردەمی شەڕی ساردە. نە كوردستانی ئەمڕۆش، كوردستانی ساڵانی سەدەی ڕابردووە. كێشەی توركیا ئەوەیە، دەخوازێت لەشوێنێك خۆی بدۆزێتەوە. تەنانەت هەقیقەتی ناكۆكییەكانی نێوان هێزە ئیسلامی و عەلمانییەكانیش بەمشێوەیە نییە كە لەمیدیاكان باس دەكرێت، چونكوو ئەمڕۆ توركیا لەقەیرانی خۆپێناسەكردندایە. توركیا لەچارەنووسی وڵاتەكەی دەپرسێت. لەبەرئەوەی توركیا پێیوایە نیوەی خاكی وڵاتەكەی ئەمڕۆ لەژێر هەڕەشەی جیابوونەوەدایە. كە بەشێكی زۆریان كوردن، دەڵێن نەخشەی جوگرافی توركیا لەبن ڕیسك و مەترسی پارچەبووندایە. من دەڵێم ئەم وەهمەی توركیا لەجێی خۆیدا نییە لەبەرئەوە ئەگەر بێتوو دەوڵەت مافە سیاسیی و كولتوورییەكانی كورد دابین بكات ئەوا هەموو لایەكمان دەتوانین پێكەوە كاربكەین تاكو كۆمارێكی دیموكراتێك بئافرێنین. ئەمەش پێگەی سیاسیی توركیا دیاریدەكات. بەمەش ناكۆكییەكانی توركیا لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت. لەبەرئەوە پێویستە هێزی ڕاستەقینەی توركیا لەرۆژگاری ئەمڕۆ بزانین، چونكوو هاوكێشە سیاسییەكان ئاڵوگۆڕی گەورەیان بەسەرداهاتووە و ڕۆژهەڵاتی ناوین شیمانەی گۆڕانكاری گەورەی لێدەكرێت.
* پەیامێكتان بۆ خەڵك و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان هەیە؟
- قۆناخی ئەمڕۆ بۆ گەلی كورد زۆر هەستیارە، وڵاتانی دراوسێی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەپیلانگێڕیدان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پیلانگێڕیانە كورد پێویستی بەیەكێتی نەتەوەیی هەیە. دەبێ لەم چوارچێوەیەدا سیاسەتەكانی ڕێكبخات، لەبەرئەوەی كورد قوربانی زۆریان داوە تا گەیشتوونەتە ئەم ڕۆژە، بەتایبەتی دەسكەوتەكانی هەرێمی كوردستان پێویستە بەهەند وەربگیرێت و پەرەیان پێبدرێت، چونكە كورد ڕۆژگارێك مەترسی لەناوچوونیان لەسەر بوو، لەڕۆژی ئەمڕۆماندا دەوڵەتێكی وەكو توركیا بەردەوامە لەسەر نكۆڵیكردنی گەلی كورد، بەڵام خۆشبختانە كوردان لەهەوڵی بەردەوام دان بۆئەوەی لەڕێگای ئاشتی و دیالۆگ و بەڕێبازی دیموكراتیانە مافەكانیان بەدەستبخەن و هەروەك چۆن توركیا لەهەوڵی ئەوەدایە سەرنجی دیپلۆماسییەتی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی وڵاتە زلهێزەكانی وەك ئەمریكا و بەریتانیا و یەكێتی ئەوروپا بۆ سەر مەرامەكانی ڕابكێشێت بەپاساوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، بۆیە پێویستە كوردیش لەبەرامبەر ئەم سیاسەتە زۆر بەهەستیاری مامەڵە لەگەڵ ئەم پێڤاژۆیە بكەن.

Views: 735 | Added by: saholaka | Rating: 0.0/0 |
Total comments: 0
Name *:
Email *:
Code *:
Login form

News calendar
«  November 2008  »
یه‌ک شدووشسێ شچوارشپینج شهه‌ینیشه‌مه‌
      1
2345678
9101112131415
16171819202122
23242526272829
30

Search

Site friends
 saholaka

saholak

frmesk